بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی ژیان‌ئاوایی هاوڕێ پەروین ـ شیرین خاکباز، یەکێک لە یەکەمین پێشمەرگە و هەروەها لە کادرە دڵسۆز و ناسراوەکانی نەوەی یەکەمی خەباتی ژنان، پڕ بە دڵ خەمباری کردین.

هاوڕێ شیرین لە دەیەی شەستەکاندا، لە سەردەمێک کە ڕێگای پێشمەرگایەتی و خەبات بۆ ژنان پڕ بوو لە سەختی و مەترسی، بە ئیرادە و بوێرییەوە هەنگاوی نایە ناو ڕێگای خەبات و تێکۆشان و وەک یەکێک لە یەکەمین ژنانی پێشمەرگە، هاتە ناو ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە.

ئەم تێکۆشەرە دێرینە لە ساڵی ١٣٦٢ لە ناوچەی دیواندەرە و لە گوردانی کاوە دەستی بە کار و تێکۆشان کرد و هەروەها لە ناوچەی سنەشدا گەلێک قارەمانەتیی خولقاند.

شیرین لە یەکەمین ژنانی پێشمەرگە بوو کە بە بوونی خۆی لە مەیدانی خەباتدا، ڕێگای بەشداریی ژنان لە موبارزه و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و نابەرابەریدا خۆش کرد. بوونی ئەو لە ڕیزی پێشمەرگەکاندا، بۆ ژنانی ئەو سەردەمە، نیشانەیەک بوو لە توانایی و بوێریی ژن بۆ بەشداریی چالاکانە لە هەموو بوارەکانی خەباتدا.

هاوڕێ شیرین ژنێکی رەزمەندە و چالاک بوو لە هەموو بوارەکاندا؛ چ لە بواری چالاکیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و چ لە بواری نیزامیدا. لە ناو خەڵکی ناوچەی دیواندەرە وەک کەسایەتێکی دیار و جێگەی متمانە ناسراو بوو، بە تایبەتی بۆ کچان و ژنانی ئەو دەڤەرە کە لەو سەردەمەدا زۆرجار دەنگ و دەرفەتی بەشدارییان لە مەیدانی خەباتدا سنووردار بوو.

لە کاتی جەولە و چالاکییەکاندا، شیرین کچان و ژنانی ناوچەکەی کۆدەکردەوە، لەگەڵیان گفتوگۆی دەکرد و باسی نەهامەتییەکانی ژیانی نایەکسان و ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوە و ڕزگاربوون دەکرد. ئەو بۆ ژنانی ئەو ناوچەیە، نوێنەری پێشمەرگەکانی کۆمەڵە، پاڵپشت و هاوڕێ، و نموونەیەکی زیندووی بوێریی ژن بوو.

لە بواری نیزامیشدا، شیرین پێشمەرگەیەکی ئازا و نەترس بوو. لە زۆربەی شەڕ و عەمەلیاتەکانی گوردانی کاوە لە ناوچەی دیواندەرە، لە ڕیزی پێشەوە و بە سەربەرزی بەشداری کرد. بوونی ئەو لە مەیدانی شەڕدا، وەڵامێکی کرداری بوو بەو بیرۆکەیەی کە خەبات تەنها مەیدانێکی پیاوانەیە و ژن دەبێت لە پاشەوە بێت.

شیرین خاکباز بەشێک بوو لە مێژووی ئەو نەوەی لە ژنان کە لە سەردەمێکی پڕ لە ترس و بەربەستدا، بەشدارییان لە خەبات کرد و بە بوونی خۆیان شوێن‌پەنجە و ناویان لە مێژوودا تۆمار کرد.

ساڵانی دوایی ژیانی شیرین لە وڵاتی سوید بەسەر چوو. بەڵام دووری لە نیشتمان نەیتوانی پەیوەندیی ئەو بە خاک و خەڵک و یادەوەریی ساڵانی خەبات ببڕێت. ئەو هەروا پەیوەندیی خۆی بە خەبات و بەرەنگاربوونەوەی ستەم پاراست و بە تایبەتی وەک پاڵپشتێکی قایمی شۆڕشی ژینا، چالاکانه لەو بوارەدا هەڵسووڕا.

بەداخەوە، پاش ماوەیەک بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نەخۆشی، دوێنێ، چوارشەممە ٢٤ی سێپتامبری ٢٠٢٦، دڵی پڕ لە خۆشەویستیی ئەو ژنە رەزمەندە بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و کۆڕی بنەماڵە و هاوڕێیانی بەجێ هێشت.

ژیان‌ئاوایی شیرین خاکباز کۆتایی بە ناو و یادەوەریی ئەم تێکۆشەرە دێرینە ناهێنێت، یاد و ناو و فیداکارییەکانی لە زەینی هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی، لە دڵی ئەو ژنان و کچانەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان جێگەی هیوا و ئۆمێدی ئەوان بوو، دەمێنێتەوە.

هەر بەم بۆنەوە لە لایەن هەموو رێزەکانی کۆمەڵەوە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان پێشکەش بە هاوسەرەکەی، کاک موزەفەر کەریمی، کوڕەکانی ئەفشین و ویکتۆر، خوشکی بەڕێزی ئێران خانم، و هەموو ئەندامانی بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

شیرین خاکباز، کچە رەزمەندە و قارەمانەکەی کوردستان،
یادی خەبات و تێکۆشانت هەرگیز لەبیر ناکرێت.

ناوت بەڕێز و یادت زیندوو.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان_سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی

٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٦ی کوردی
  ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦ زایینی

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version