ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی فێڤریەی ٢٠٢٦ی زایینی و لە شاری بێرگیش گلادباخی وڵاتی ئاڵمان، ڕێوڕەسمی یادی ٢٦ی ڕێبەندان، چل و حەوتەمینساڵوەگەڕی ڕاگەیاندنی خەبات و هەڵسووڕانی ئاشکرای کۆمەڵە، بە ئامادەبوونی بەربڵاوی کادر و ئەندامانی سەرکردایەتی، چالاکان و ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵە و هەروەها کۆمەڵێکی بەرچاو لە نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە هونەری و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوەیە لە کەشێکی پڕ سۆز و شۆڕشگێڕانە و دۆستانەدا، درێژەی خەباتی سیاسی و پابەندبوون بە ئایدیالی ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان و ئێرانی نیشان دا.
ئەو ڕێوڕەسمە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن بەشداربووانەوە پێشوازی لێکرا، بوو بە سەکۆیەک بۆ نیشاندانی یەکگرتوویی ڕێکخراوەیی و نوێکردنەوەی بەڵێنی خەبات و جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و یەکگرتنی هێزی ئازادیخواز و دادپەروەر. ئامادەبوونی بەهێزی نەوە جیاوازە تێکۆشەرەکان، لە پێشمەرگە دێرینەکانەوە تا چالاکوانانی گەنج، ئاماژە بوو بۆ پەیوەندی زیندوو لە نێوان نەریتی خەباتی ڕابردوو و بەرپرسیارێتییە مێژووییەکانی ئەمڕۆ.
لەم ڕێوڕەسمەدا پەیامی سەرکردایەتیی کۆمەڵە لە لایەن هاوڕێ بێهرووز مەلەکشا خوێندرایەوە. لە پەیامەکەدا باس لە هەلومەرجی ئاڵۆز و مەترسیدار لە ئێران، بڵاوبوونەوەی ناڕەزایی کۆمەڵایەتی، چڕبوونەوەی سەرکوتی سیستماتیکی سیاسی و پێویستیی ڕێکخستنی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتیک کرابوو. لە پەیامەکەدا جەخت لە سیاسەتی هاوکاری و لێکنزیکبوونەوەی هەرچێ زیاتری حیزب و هێزە سیاسییە پێشکەوتنخوازەکان لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان و هەروەها لەگەڵ هێزە ئازادیخواز و دیموکراتیکەکان لە ئێران کرا و یەکڕیزیی کردەیی و وتووێژی بنیاتنەر و پێکهێنانی بەرەیەکی فراوانی هێزی دیموکرات و دادپەروەر بە مەرجی پێشوەختە بۆ کاریگەریی ڕاستەقینە لە پرۆسەی داهاتوو زانرا .
هەروەها لە پەیامەکەدا جەخت لەسەر ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و لەوانە؛ بزووتنەوەکانی ژنان، کرێکاران، خوێندکاران، و بزووتنەوە نەتەوەییەکان لە پڕۆسەی تێپەڕبوون لە ستەمکارییەوە کرایەوە و کۆمەڵە جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە تێکۆشان لە پێناو ئازادییە سیاسییەکان، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، مافی چارەنووس و خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیک و یەکسانیی یاسایی هەموو هاووڵاتییان کردەوە.
بەشی هونەری مەراسیمەکە بە پێشکەشکردنی سروود و گۆرانی و بەرهەمی شۆڕشگێڕانە لە لایەن نەجمەدین غوڵامی و کاڵێ ئاتەشی، دوو کەڵە هونەرمەندی دیار و لە دەنگە ناسراوەکانی هونەری بەرخۆدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها هونەرمەندی لاو ئازاد شاوەیسی رازایەوە. ئەم نمایشانە لە نێوان پێشوازیی گەرم و چەپڵە لێدانی بەردەوامی ئامادەبووان، کەشوهەوای مەراسیمەکەیان گەیاندە لوتکەی حەماسەت و پاڵنەریی شۆڕشگێڕانە و پەیوەندیی نێوان یادەوەریی مێژوویی خەبات و ئەرکەکانی ئەمڕۆیان بە شێوەیەکی زیندوو و بەرجەستە دروستکردەوە. هەروەها خوێندنەوەی شیعر و بەرنامە ڕۆشنبیرییەکانی دیکە، دەوڵەمەندیی سیاسی و سۆزداری ئەم کۆبوونەوەیەیان زیاتر کرد.
لە بەشێکی ڕێوڕەسمەکەدا ڕێز لە یادی قوربانیانی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی ئێران و کوردستان و هەروەها خۆڕاگری و بەرخۆدانی گەلی کورد لە رۆژاوا گیرا.
ئەم کۆبوونەوەیە جگە لە یادکردنەوەی ڕۆژی کۆمەڵە، دەرفەتێکی گرنیگ بوو بۆ نوێکردنەوەی بەڵێنی خەبات و پتەوکردنی هاودەنگیی نێو حیزبی و دووبارە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی هاوکاریی سیاسی فراوانتر لە نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی دیموکرات. وتاردەران و پەیامەکان جەختیان لەوە کردەوە کە تێپەڕبوون لە بارودۆخی ئێستا، تەنها لە ڕێگەی ڕێکخستن و یەکگرتوویی کرداری و پێکهێنانی بلۆکێکی فراوان لە هێزە پێشکەوتنخواز و ئازادیخوازەکانەوە مسۆگەر دەبێت.
ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە یادی ٢٦ی ڕێبەندان لە بێرگیش گلادباخ، جارێکی دیکە نیشانی دا کە کۆمەڵە هەر وەک یەکێک لە هێزە ڕێکخراو و ڕەگداکوتاو و کاریگەرەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان دەمێنێتەوە و بە پشت بەستن بە نەریتی خەباتی خۆی، هەوڵ دەدات ڕۆڵێکی کارا لە پێشهاتە سیاسییەکانی داهاتوودا بگێڕێت.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان_کومیتەی ئاڵمان



















