


ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی ئۆکتوبەری ٢٠٢٦، کۆبوونەوەیەک لە پارلەمانی ئەڵمان لە نێوان نوێنەرانی هاوپەیمانیی هێزەکانی سیاسیەکانی کوردستان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەگەڵ خاتوو جانسوو ئۆزدێمر لە حیزبی چەپ و بەڕێزماکس لوکس لە حیزبی سەوزەکان بەڕێوەچوو. لەو دیدارەدا هاوپەیمانیی ئاماژەی بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بارەگای حزبەکان، گرتن، ئەشکەنجە و ئێعدام کرد و ئەوەی شی کردەوە کە ڕیژیمی ئێران زۆر بەربڵاوتر و دڕندانەتر لە چاو بەشەکانی دیکەی ئێران سەرکوتی کورد دەکات.
شاندی هاوپەیمانی هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی گرنگیدانی زیاتر بە پرسی کوردی ڕۆژهەڵات لەپارلەمانی ئاڵمان کرد. لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە گرینگیی بەکارهێنانی چوارچێوە و میکانیزمە نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ کرا. هاوپەیمانی جەختی لەسەر پێویستیی بەدواداچوونی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەیاندنی ئەم پرسە بەدامەزراوە پەیوەندیدارە ئەورووپی و نێودەوڵەتییەکان کرد. حزبی کۆمۆنیستی کارگەریی ئێران لەگەڵ ئاماژە بە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئاخوندی داوای کرد کە دەوڵەتی ئاڵمان ناردنی چەک بۆ ئێران رابگرێت و کار بۆ دابینکردنی ئینترنێت بۆ خەڵکی ئێران بکات. هەروەها گەمارۆی زیاتر بخاتە سەر سەرکوتگەران و کاربەدەستانی ڕژیم و کۆتایی بە پێوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ رێژیم بێنێت. نوێنەرانی هەردوو حیزبی چەپ و سەوز پێشوازییان لە داواکارییەکان کرد و ڕەزامەندی و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری لە ئاستی پارلەمانی دەربڕی.
کۆبوونەوەکە بە گفتوگۆیەکی ئەرێنی کۆتایی هات و چاوەڕوان دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ بەردەوامکردنی هاوکارییە سیاسی و پارلەمانییەکان و خستنەڕووی پرسی کوردانی ڕۆژهەڵات لەئاستی ئاڵمانیا و ئەورووپا.
جێی ئاماژەیە کە لەو کۆبوونەوەدا هاورێیان فەریبا محەمەدی، جێگری سکرتێر و هاوڕێ شوان وەیسی بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بەشدار بوون.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان-پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان
شەممە:٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٦ی کوردی
١٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦ زایینی
