ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، شاندی هاوپەیمانیی هێزە سیاسیەکانی کوردستان سەردانی ڕێکخراوی هاوار هێڵپ(Hawar Help)ی کرد و لە گەڵ خاتوو مریەم و خاتوو دۆزین تێکال دیداری کرد. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ناسراوی ئێزیدی ئەڵمانی دوزین تێکاڵ (Düzen Tekkal) لە ئەڵمانیا دامەزرا، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بوو لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە ڕێکخراوی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دژی کوردانی ئێزیدی لە شەنگال ئەنجامی ئامانجی دا. بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە خستنەڕووی دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەو ڕێگا و میکانیزمانەی کە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ گەیاندنی دەنگی ئەوانەی مافەکانیان پێشێل کراوە. هەروەها نوێنەرانی هاوپەیمانی جەختیان لەسەر پێویستیی گرنگیدانی زیاتر بە دۆخی زیندانیانی سیاسی، مافی ژنان، ئازادییە بنەڕەتییەکان و مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی نەتەوەی کورد کرد. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە سەبارەت بە پێشێلکارییەکان، زانیاریی باوەڕپێکراو کۆ بکرێتەوە. هەر لە درێژەی گفتوگۆکاندا، گرنگیی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێکخراوە مرۆییەکان، بە تایبەتی هاوار هێڵپ، خرایە ڕوو و دوو لایەن هاوڕا بوون لەسەر ئەوە کە ئەم هاوکارییە دەتوانێت لەداهاتوودا لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی زانیاری و ڕێکخستنی چالاکیی هاوبەشی مرۆییەوە پەرە بستێنێت. کۆبوونەوەکە دەرفەتێک بوو بۆ ناساندنی زیاتر و دروستکردنی تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر پرس و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان و بەدواداچوون بۆ گفتوگۆ کراوەکان، بە مەبەستی ئەوە کە ئەم پەیوەندییانە لە داهاتوودا ببنە بنەمای هاوکارییەکی کاریگەرتر لە بواری مافی مرۆڤدا. لە کۆتاییدا، هەر دوو لایەنی بەشدار هاوڕا بوون کە پەیوەندیی بەردەوامیان لە داهاتوو هەبێت.

Share.

Comments are closed.