
ساڵیادی شۆڕشی “ژینا”، شۆڕشێک کە تێیدا خەباتکارانی ڕۆژهەڵات بە فیداکارییەکی کەموێنە ئاسۆی ئایندەیەکی سەربەست، دادپەروەرانە، یەکسان و ئازادیان بۆ کوردستان نەخشاند، بەرز و جێگەی شانازییە.
ئەم شۆڕشە درێژەی مێژوویەک تێکۆشان و لەدایکبوونەوەی وشیاریی جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، جوڵانەوەیەک کە بنەماکانی دەسەڵاتی داگیرکەری سست کرد و دەنگی “ژن، ژیان، ئازادی”ی گەیاندە جیهان.
شۆڕشی ژینا شۆڕشی هاوبەشی مافخوراوەکانی کوردستان بوو، بۆ گرێدانەوەی خەباتە مافخوازانەکان و هاوچارەنووسیی نەتەوەیی دژی سەرکوت و بێمافی. ئاستێکی نوێی لە خەباتی جەماوەری کە تێیدا بەشداریی هەموو چین و توێژەکان و دەرکەوتنی جیلێکی نوێی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستان بە سیما و بانگەوازی ئەمڕۆیی بۆ خەبات مژدەی سەردەمێکی نوێی پێ بوو و ڕێگەی سەرکەوتنی نیشان دا. لە شۆڕشی ژینادا، هەموو ئەوانەی دەسەڵاتی داگیرکەری، سەرمایەداری، دژە ژن و دژە ئازادیی کۆماری ئیسلامی مافی ژیانێکی شیاوی لێ زەوتکردوون، زیاتر لە جاران بەو ئاکامە گەیشتن کە یەکانگیرکردنی هێزی چەوساوەکان و مافخوراوەکان تاقە ڕێگەی سەرکەوتنە.
ئەمڕۆ کە حکوومەتی داگیرکەری ئێران بە گرتن و سێدارە هەوڵی خنکاندنی ئەم دەنگە و ڕێگری لە بەردەوامیی ئەم شۆڕشە دەدات، ئەرکی مێژوویی ئێمە ڕێکخستنی ئەم وزە شۆڕشگێڕانەیە و هەوڵ بۆ یەکگرتوویی بۆ گەیشتن بە کوردستانێکی دوور لە ستەم.
دروشم و ئامانجەکانی شۆڕشی ژینا زیندوون و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە قووڵاییی کۆمەڵگەدا زیاتر ڕەگ دادەکوتن.
سڵاو لە یادی ژینا، ڕەمزی شۆڕش، و هەموو گیانبەختکردووانی ڕێگای ڕزگاری و بەختەوەریی نەتەوەی کورد.
شۆڕشی ژینا بەردەوامە
سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ڕەزا کەعبی
٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥
