خەڵکیخەباتکاریکوردستان!
حیزبولایەنەسیاسییەکوردستانیوئێرانییەکان!
ئازادیخوازانوخەباتگێڕانیسەرانسەریوڵات!
بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان ساڵە بە شێوەی ڕێکخراو و بەردەوام دژی سەرەڕۆیی و دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ناوەندگەرا لەپێناو مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی خۆیدا خەبات دەکات. کوردستان دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییش هەر سەنگەر و ناوەندی سەرەکیی خەبات و خۆڕاگری دژی ئەو ڕێژیمە سەرکوتگەرە بووە. کوردستان لەو ماوەیەدا تێچوویەکی زۆری بۆ خەبات و خۆڕاگرییی خۆی داوە. شەڕی بەسەردا سەپاوە، دەیان ڕێبەریی سیاسیی ئێعدام و تێرۆر کراون، هەزاران ڕۆڵەی خەباتکار و چالاکیی سیاسیی شەهید بوون و لە زیندانەکاندا گیانیان لێ ئەستێندراوە، کوردستانیش وەک جوغرافیایەکی داگیرکراو میلیتاریزە کراوە و بە سیاسەتی سەرکوت و تاڵانوبڕۆ لەلایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامییەوە ئیدارە کراوە.
ئێمە ئەم حیزبە سیاسییانەی “هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران”مان واژۆ کردووە، بە پشتبەستن بە مێژووی خەبات و تێکۆشانمان و بە سەرنجدان بە پێویستییەکانی وەڵامدانەوە و خۆدیتنەوە لە دۆخی سیاسیی ئیستای ئێراندا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ شەرعییەتێکی سیاسیی بۆ نەماوەتەوە، بەڵام مخابن بەهۆی پەرتەوازەیی هێزە سیاسییە دژبەرەکانی ڕاوەستاو بووە؛ لە کوردستان وزە و ڕیزەکانی خەباتگێڕیی خۆمان یەک خستووە و هاوپەیمانییەکی سیاسیمان ڕاگەیاندووە. مەبەستی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانییە کە پاش قۆناغی گۆڕینەوەی بیروڕا و کاری مەیدانی لە “ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری”دا پێکهاتووە، یەکڕیزی و هاوخەباتیی پتر بۆ پەرەدانی زیاتر بە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران و پیدانی قورسایی و دەوری زیاتری کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی، دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و چۆنیەتیی داڕشتنەوەی ئێرانی داهاتوویە.
ئامانجە سەرەکی و هاوبەشەکانمان لەو هاوپەیمانییەدا خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد و بنیاتنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی و دێموکراتیک لەسەر بنەمای ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئێمە بە پشتیوانی لە خەبات و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی نەتەوەکانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی لەو قۆناغەدا پێ لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و هاوخەباتی سیاسیی و مەیدانیی نێوان حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی بەشەکانی دیکەی ئێران دادەگرین. ئێمە وێڕای داکۆکی لە شکڵگرتنی قۆناغێکی گواستنەوەی دێموکراتیک و گشتگیر، بنەمای هەر هاوکاری و هاوپەیمانییەکمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە به رهسمییهت ناسینی مافى نەتەوەیی نەتەوەکان، قبووڵکردنی دێموكراسی و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەک دەبێت.
ئێمە لەو هاوپەیمانییەدا باوەڕمان بە پاراستنی ژینگە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، مافی یەکسانی ژنان و پیاوان، چەسپاندنی هەڵبژاردنی ئازاد، دابینبوون و دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان و بە دامەزراوەکردنی سیستمی بەڕێوەبەری و دێموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. هاوکات لەگەڵ ئەوە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی نیزامێکی سیاسیی دێموکراتیک و سێكۆلار لە ئێران کە مافی پێکهاتە نهتهوەیی و ئايینییه جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتە دەستەبەر بکات؛ بە ئەرکی خۆمان دەزانین.
ئێمە باوەڕمان وایە لە ئێستادا پتر لە هەرکاتێک یەکیەتیی سیاسی و هاوگوتاری لایەنە سیاسییەکان و تێکۆشانی هاوبەشی مەیدانییان مەرجی بەهێزکردنی پێگەی کورد لە هاوکێشە سیاسییە بەردەوام بگۆڕەکانی ئێرانە. بۆیە ئامادەی هاوکاری کردنین لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی هاوپەیمانییەکەمان و هەموو خەڵکی کوردستانیش بۆ خۆدیتنەوە لە هاوپەیمانییەدا بانگهێشت دەکەین.
هاوپەیمانییهێزەسیاسییەکانیکوردستانیئێران
٣/١٢/١٤٠٤ (٢٢/٢/٢٠٢٦)
***
ئەندامانیهاوپەیمانییهێزەسیاسییەکانیکوردستانیئێرانپێکهاتوولە:
– پارتی ئازادیی کوردستان
– پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
– حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
– سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
– کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

