بە داخەوە كادر و ئەندامی ڕێكخستنە نهێنییەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان هاوڕێی تێكۆشەر كاك حەسەن عارفی شێخ ناسراو بە (حەسەن خاوەری چۆڕ) بە هۆی نەخۆشی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گوڵانی ١٤٠٣ی هەتاوی لە شاری مەریوان ماڵئاوایی لە بنەماڵە و خزم و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی كرد.
هاوڕێ حەسەن عارەفی ساڵی ١٣٣٧ لە ئاوایی چۆڕ لە بناری چیای قەلەبەرد لە ناوچەی مەریوان چاوی بە ژین هەڵێناوە، لە دەیەی پەنجای هەتاویدا و لە هەڕەتی گەنجیدا لە گەڵ هاوڕێیانی كۆمەڵە ئاشنا بوو و لە پاش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی لە یەكێتی جوتیاراندا دەست بە چالاكی کرد، ساڵی ٥٩ و ٦٠ی هەتاویی لە ڕێكخستنی كرێكاران لە شارەكانی ئەهواز چالاكی دەکرد و هەر لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاویی بە هۆی چالاكیی سیاسی لە لایەن ڕژیم دەست بە سەر کرا و ٢٧ رۆژ لە ژووری تاكەكەسیدا بە دڕەندانەترین شێوە ئەشكەنجە کرا بەڵام هاوڕێ حەسەن سەربەرزانە و خۆڕاگرانە نهێنیەكانی كۆمەڵە دەپارێزێ و پاش ئازاد بوونی دووبارە پێوەندی بەڕێكخستنەكانی كۆمەڵەوە کرد و وەكوو كەسێكی مەتمانە پێكراوی كۆمەڵە لە ناوچەكەدا مایەوە و دواتر ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە هێرشی هێزە سەرکەتکارەکانی ڕژیم بۆ سەر ناوچەكە و بە تایبەتی گوندی چۆڕ هاوڕێ حەسەن و ژمارەیەكی دیکە لە چالاكانی سیاسی دەزگیر و ڕاپێچی گرتووخانە کران و بۆ ماوەی پەنجا ڕۆژ ئەشكەنجە دران بەڵام هەر وەكوو جاران ڕووسوور و سەربەرز هاتە درێ.
هاوڕێ حەسەن بە هۆی پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتییەک كە هەیبوو، ببووە جێگای ڕێز و مەتمانەی خەڵكی ناوچەكە و وەكوو كادر و ئەندامێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان چالاكی دەكرد لە هەمان كاتیشدا هەوڵی بۆ یەكیەتی و تەبایی نێو چالاکانی سیاسیی کوردستان و کردنەوەی دەرفەتی کاری هاوبەش و یەکگرتووانە دەکرد.
بە داخەوە لە چەند مانگی ڕابردوودا كاك حەسەن عارفی شێخ ناسراو بە (حەسەن خاوەری چۆڕ ) تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گوڵانی ١٤٠٣ی ماڵئاوایی لە بنەماڵە و هاوڕێ و خەباتكارانی كۆمەڵە و كوردستان كرد و خەم و پەژارەی خستە نێو دڵی هەموومان.
بە بۆنەی ئەم خەسارە گەورەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەێ ئازیزی بە تایبەت خاتوو گوڵباخ هەڵوژانی هاوژینی و منداڵەکانی بەهار ،بەهرە، هەتاو، ئارام، سلاح و خەبات و خەڵكی تێكۆشەری ناوچەی مەریوان و كوردستان دەكەین و خۆمان بە بەشداری خەم و پەژارەیان دەزانین.
یادی هاوڕێ حەسەن عارفی شێخ هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
سكرتاریەتی كۆمیتەی ناوەندی

