
٢٥ ساڵ دوای ١١ی سێپتەمبەر
محەمەد حەکیمی
١١ی سێپتەمبەر ئەو ڕۆژەی جیهانی گۆڕی. ڕۆژێک کە کارەساتێکی گەورە لە ئەمریکا ڕوویدا. هێزە توندئاژۆکان لە ١١ی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١دا هێرشیان کردە سەر دوو باڵەخانەی گەورەی بازرگانیی ئەمریکا و ٢٩٩٩ کەسیان لە خەڵکی ئەو وڵاتە کوشت. دوای ڕوودانی ئەو کارەساتە جیهان مۆتەکە لێیدا و تووشی شووک بوو.
ئەوەی کە موسڵمانە توندڕەوەکان هێرشیان کردە سەر ئەمریکا دەبێ ئاماژە بەو وتەی «فۆستێر» بکەم کە دەڵێت؛ ئەمریکا خۆدی ژیانە و هر کەس هەر چییەکی بوێت دەتوانێ لەو وڵاتە پەیدای بکات، دیارە ئەو هێزە ڕەشبینەی وەک تالیبان و بن لادەن و … هتد ناتوانن ببینن لە شوێنێک ژیان چڕۆ دەکات. ئەوان دەیانویست بەو هێرشە بە ئەمریکا بڵێن کە هیچ شوێنێک ئارام نییە بۆتان تا ئێمە حاکمی ئەم ناوچانە بین. هەر بۆیە ئەمریکا زۆر زوو هێرشی کردە سەر ئەفغانستان و قاعیدە و تالیبانی لەو وڵاتە دەرکرد، هەرچەند دواتر تالیبان توانی دەست بگرێتەوە بەسەر ئەفغانستاندا، بەڵام تێچووی ئەو هێرشە لەسەر خەڵکی ئەفغانستان زۆر کەوت و بە ئێستاشەوە خەڵکی ئەو وڵاتە لە هەژارییەکی بێوێنەدا دەژین و ژیان لەو وڵاتە مردووە. لە هەمان کاتدا ئەمریکا لە درێژەی ئاڵوگۆڕەکانی لە ناوچەکە لە ساڵی ٢٠٠٣ هێرشی کردە سەر عێراق و ڕژێمی «سەدامی حسێن»یشی لەناو برد. لە درێژەدا ئەمریکا بن لادەنی ڕێبەری ئەلقاعیدەی لە پاکستان کوشت و کۆتایی بە گرووپی ئەلقاعیدە هێنا و ئێستا ئێمە دوای ٢٥ ساڵ هیچ ناوێک لە قاعیدە نابیستین و نەماوە.
ئادۆرنۆ دەڵێت؛ وشەگەلی فەلسەفی شتگەلێکی پڕوپووچن و لە ماڵە کاولەکەی میتافیزیک بەجێ ماونەتەوە، ئەمە نیشان دەدات کە شەڕ لەسەر کابل، نیویۆرک، قودس و تارانە.
لە درێژەدا دەبێ ئاماژە بە وتەیەکی «ئادۆرنۆ» بکەم کە دەڵێت؛ نابێ زۆر لەسەر ڕووداوەکان قسە بکەین و دەبێ سەری ڕێز لە بەرامبەر قوربانییەکانی ئەو ڕووداوانە دابنەوێنین. بەڵام بیرۆکەی ئادۆرنۆ لە بەرامبەر ئەو قوربانیدانەدا نە تەنیا نەیتوانی سەرکەوتوو بێت، تەنانەت خەڵکی ئەمریکا بە پێچەوانەی «ئادۆرنۆ»وە بیریان کردەوە، چونکە کارەساتەکە لەوە گەورەتر بوو کە بتوانێت خۆی لە قۆناغی بێدەنگیدا بهێڵێتەوە و ١١ی سێپتەمبەر بووە هۆی ئەوەی کە شەڕی دەوڵەتان بگۆڕدرێت بۆ شەڕی تیرۆر لەگەڵ ئیسلامی سیاسی وەک بن لادەن، تالیبان و داعش. دوابەدوای ئەو هێرشە شەڕی تیرۆریزم دەستی پێکرد و قۆناغەکە لە شەڕی وڵاتانەوە گۆڕدرا بۆ شەڕی دژ بە تیرۆریزم.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە مەیدانی شەڕی دژ بە تیرۆر و تا ئێستاش شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە و دوای هێرشی ١١ی سێپتەمبەر ئیسلامی سیاسی چەند بار هێرشی دیکەی هاوشێوەی ئەوەی ئەمریکای لە جیهان ئەنجام داوە و لە دوایین ڕووداوی لەو شێوەیە لە ٧ی ئۆکتۆبەر حەماس بە دەستووری ڕژێمی ئیسلامیی ئێران و هاوکاریی ئەو وڵاتە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بە سەدان کەسی بێتاوانیان کوشت و دەیان جنایەتیان لەو وڵاتە ئەنجام دا. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە ناوچەکە جارێکی دیکە تووشی شەڕێکی گەورە و ماڵوێرانکەر ببێتەوە و ئیسرائیل زۆر زوو لە کاردانەوە بەو جنایەتە هێرشی کردە سەر غەززە و لە سەدا ٧٠ی غەززە بە گشتی بە حەماسەوە لەناو چوو و هەروەها ئەو وڵاتە هێرشی کردە سەر حزبوڵڵا و ئێران و شەڕێکی ماڵوێرانکەر هەموو ناوچەکەی گرتەوە.
دیارە شەڕی تیرۆر تەواو نەبووە و بە شێوەیەکی دیکە خۆی نیشان دا. وڵاتانی وەک ئێران و ڕووسیا نە تەنیا پشتگیریی ئەو تاقم و گرووپانە دەکەن، بەڵکوو خۆیان بوونەتە بەشێک لەو هێزانە. لە دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و ئێران، ئێران هێرشی کردە سەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە.
دوای ئەو هێرشە گەورەیەی بۆ سەر باڵەخانەکانی ئەمریکا، ئەو وڵاتە بەرنامەی درێژخایەن بۆ دەوڵەتەکان دەرێژێت، کەسایەتییەکان دێنێت و دەبات، خۆیان بە باشی دەزانن کە چی دەکەن، ڕۆژانە و هەنگاو بە هەنگاو نەخشەی خۆیان دەبەنە پێشەوە. بەڵام ئێستا دوای زیاتر لە دوو دەیە کە بەسەر ئەو ڕووداوەدا دەگوزەرێت، ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حوکم دەکات، شەڕی ئیسرائیل و حەماس، حزبوڵڵا و ئێران و هاتنە ناوەوەی ئەمریکا بۆ شەڕی ئێران و هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر ڕژێمی ئیسلامی و کوژرانی سەرانی باڵای ئەو وڵاتە نیشان دەدات کە ئەمریکا خەریکە نەخشەی خۆی پیادە دەکات، ڕۆژێک نرخی نەوت دادەبەزێنێت و ڕۆژی دواتر پێچەوانەکەیەتی. ئەمڕۆکە سیاسەتی ئەمریکا خۆی لە قازانجی ئابووریدا دەبینێتەوە و هەموو شت لەو ڕوانگەیەوە سەیر دەکات.
دەتوانین زۆر بە ڕوونی ئەوە بڵێین کە جیهان وەک ڕابردوو نەماوە، دوای ١١ی سێپتەمبەر هیچ شتێک ناچێتەوە شوێنی خۆی، بە دڵنیاییەوە جیهان بە شێوەیەک گۆڕدراوە کە تازە بە هیچ جۆرێک ناچێتەوە شوێنی خۆی. ئەم گۆڕانانە نە تەنیا درێژەیان هەیە بەڵکوو لە زۆر شتدا خۆی بە خێرایی دەبینێتەوە و دۆزیوەتەوە، ئەمڕۆکە جیهانی کۆنتڕۆڵ و «ژیریی دەستکرد» (هۆشی دەستکرد)ە.
لە کۆتاییدا دەبێ ئاماژە بە وتەکانی ترامپ بکەم کە دەڵێت؛ ئەمریکا هەرگیز ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ لەبیر ناکات و لە درێژەدا وتیشی ئەم وڵاتە دوای ٢٥ ساڵ هێشتا دەرگیری شەڕی تیرۆرە و ئێمە هیچ ڕێگەیەکمان نییە جگە لە درێژەدان بە شەڕی تیرۆر و تەنیا شتێک کە دەتوانێت بوونی هەبێت، سەرکەوتنە. ئێستا زۆر سەخت شەڕ دەکەین. بۆ سەرکەوتن دەجەنگین. هەروەها وتیشی ئێمە شەڕمان لە کاتی سەرۆکایەتیی «جۆرج دەبلیوو بووش» دەست پێکرد و ئەوە شەڕەی بەستەوە بە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی تاران. ناوبراو لە درێژەشدا وتی ئێمە هەرگیز ڕێگە نادەین تاران دەستی بە چەکی ناوەکی بگات، ڕژێمی ئیسلامیی ئێران گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزمە لە جیهاندا و نابێ هەرگیز دەستی بە چەکی ناوەکی بگات.