ژن، ژیان، ئازادی؛ کاتێک پرسی ژن دەبێتە پرسی دەسەڵات

چیمەن جەوانڕوودی

«ژن، ژیان، ئازادی» تەنیا دروشمێک نەبوو؛ خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی خەباتی ژناندا، چونکە پرسی ژنی لە سنووری داواکارییە یاسایی و تاکەکەسییەکان دەرهێنا و کردی بە پرسیارێکی گشتیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری. ئەم دروشمە، بە تایبەتی لە بزووتنەوەی ژینادا، توانای ئەوەی نیشان دا کە پرسی ژن تەنیا بەوە پەیوەندیدار نییە کە ژن چ مافێکی یاسایی هەیە؛ بەڵکوو بەوەش پەیوەندیدارە کە کێ بڕیار لەسەر ژیانی ژن دەدات و کێ دەسەڵاتی بەسەر جەستە، هەڵبژاردن و داهاتووی ئەودا هەیە.

بێگومان، خەباتی ژنان پێش بزووتنەوەی ژینا دەستی پێکردووە. ژنان ساڵانێکی زۆر لەناو خێزان، زانکۆ، شوێنی کار، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، بوارە هونەری و ئەدەبییەکان و شەقامدا دژی نایەکسانی و پیاوسالاری خەباتیان کردووە. زۆرێک لەو داواکارییانەی کە دواتر لە چوارچێوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا دەنگی گشتییان دۆزییەوە، پێشتر لە ژیانی ڕۆژانەی ژناندا بوونیان هەبوو. بۆیە نابێت ئەم دروشمە وەک دەستپێکی خەباتی ژنان بخوێنینەوە؛ بەڵکوو دەبێت وەک خاڵێکی کۆکردنەوە و سیاسی‌کردنی ئەو ئەزموون و خەباتانەی پێش خۆی سەیری بکەین.

جیاوازییە سەرەکییەکە لەوەدایە کە «ژن، ژیان، ئازادی» ئەزموونی جیاوازیی ژنانی لە چوارچێوەیەکی یەکگرتووی فکریدا کۆکردەوە. جەستە و ئازادیی تاکەکەسی، خوێندن، کار، ئابووری، یاسا، خێزان و بەشداریی سیاسی، هەموویان بوون بە بەشێک لە هەمان پرسیار: ژن چۆن دەتوانێت خۆی خاوەنی ژیانی خۆی بێت؟

لەناو ئەم دروشمەدا، «ژن» تەنیا بابەتی پاراستن یان یارمەتیدان نییە؛ بەڵکوو سوبژێکتی گۆڕانە. ئەمە گۆڕانێکی گرنگە لە ڕوانگەی سیاسییەوە. ژن لە شوێنی ئەو کەسەی کە دەبێت بۆی بڕیار بدرێت، دەگوازرێتەوە بۆ شوێنی ئەو کەسەی کە خۆی بڕیار دەدات. بەم مانایە، بەشداریی ژنان تەنیا بە بوونیان لە شەقام یان ڕێکخراوێکدا کۆتایی نایەت؛ پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ژنان لە ناوەندی بڕیار و دەسەڵاتیشدا خاوەنی دەنگ و ئیرادەی سیاسیی خۆیانن؟

وشەی «ژیان» ئەم پرسیارە قووڵتر دەکاتەوە؛ چونکە ئازادیی ژن تەنها بوونی دەقێکی یاسایی نییە. ئەگەر ژن لە یاسادا مافێکی هەبێت، بەڵام لە خێزان، کۆمەڵگە، شوێنی کار یان سیستەمی سیاسییەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت، ئەوا ئازادییەکەی تەواو نییە. «ژیان» لێرەدا مانای کەرامەت، ئەمنییەت، هەڵبژاردن، دەرفەت و توانای دیاریکردنی شێوازی ژیانە.

«ئازادی»ش پرسی ژن دەباتە ناوەندی سیاسەت. پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە «ژن چ مافێکی هەیە؟»، بەڵکوو دەبێتە: کێ دەسەڵاتی بەسەر ژن و ژیانی ژنەوە هەیە؟ ئەمە پرسیارێکی بنەڕەتییە، چونکە پیاوسالاری تەنیا لە یاسادا یان لە دەسەڵاتی حوکمڕانیدا بەرهەم نایەت؛ لە نەریت، خێزان، کلتوور، ئابووری و تەنانەت لە هەندێک ڕێکخراو و ساختاری سیاسی و حزبییشدا دەتوانێت خۆی دووبارە بەرهەم بهێنێتەوە.

لە کوردستانیش ئەم گۆڕانەی ڕوانگە گرنگیی تایبەتی هەیە. ژنان لە مێژووی خەباتی کورددا تەنیا بەشداربووی لاوەکی نەبوون؛ لە خەباتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەیدانیی ڕۆڵی جۆراوجۆریان گێڕاوە. بەڵام پرسیاری ئەمڕۆ تەنها ئەوە نییە کە ژنان چەند بەشدارن، بەڵکوو ئەوەیە چەند خاوەنی بیر، ستراتیژی، بڕیار و دەسەڵاتی سیاسیی خۆیانن؟ ئەمە ئەو جیاوازییەی نێوان «بەشداری» و «دەسەڵات»ە کە پێویستی بە گفتوگۆیەکی قووڵتر لەسەر داهاتووی ژنان هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا، نابێت کاریگەریی «ژن، ژیان، ئازادی» بە شێوەیەکی ڕۆمانتیکی و تەواوگشتی بخوێنینەوە. گۆڕینی ڕوانگەی کۆمەڵگە پرۆسەیەکی درێژخایەنە. پیاوسالاری، نایەکسانیی یاسایی، فشارە کۆمەڵایەتییەکان، توندوتیژیی جێندەری و سنووردارکردنی دەرفەتی ژنان بۆ بەشداری لە ناوەندی بڕیاردا هێشتا بەردەوامن. لەبەر ئەوە، سەرکەوتنی ڕاستەقینەی ئەم دروشمە تەنیا بەوە ناپێورێت کە چەند کەس ئەو دروشمەیان دووبارە کردووەتەوە؛ بەڵکوو بەوە دەسەنگێنرێت کە تا چەند توانراوە پەیوەندییەکانی دەسەڵات بگۆڕدرێن.

لە کۆتاییدا، گرنگترین میراسی «ژن، ژیان، ئازادی» ئەوەیە کە شێوازی باسکردنی پرسی ژنی گۆڕی. پرسی ژن لە داواکارییەکی تایبەت بۆ مافەکانی ژنانەوە گەیشتە پرسیارێکی گشتی دەربارەی دەسەڵات، ئازادی، دادپەروەری و داهاتووی کۆمەڵگە.

بەم مانایە، «ژن، ژیان، ئازادی» تەنیا بانگەوازێک بۆ ژنان نییە؛ بانگەوازێکە بۆ گۆڕینی ئەو سیستەمەی کە ژن لە ژیانی خۆیدا دەکاتە بابەتی بڕیاری کەسانی تر. ئەگەر ژن سوبژێکتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گۆڕان بێت، ئەوا ئازادیی ژن تەنها بە دەستەبەرکردنی مافەکان کۆتایی نایەت؛ بە گۆڕینی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و بە دانانی ژن لە ناوەندی بڕیار و دروستکردنی داهاتووەکەی خۆیدا تەواو دەبێت.

Share.

Comments are closed.

Exit mobile version