ساڵێک لەمەوبەر هاوڕێ ڕێبوار کەریمیان ناسراو بە ڕێبوار دارسێران ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی نیزامیی کۆمەڵە، لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە پیرانەکۆن لە ناوچەی مەریوان، بەداخەوە گیانی بەختکرد.
گیانبەختکردنی فەرماندە ڕێبوار خەسارێکی گەورە بوو بۆ ڕیزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە زۆر زوو لە ئەزموون و لێهاتوویی لاوێکی تێگەیشتووی خولیای ئازادی و ڕزگاری نیشتمانەکەی و فەرماندەیەکی پێگەیشتوو بە هەوڵ و ماندوو بوونی خۆی، بێبەش بوو.
پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، کۆماری ئیسلامی بۆ قەرەبووی ترس و لاوازیەکانی لە بەرانبەر ئیرادەی خەڵک و بۆ تۆقاندن و لاوازکردنی ئیرادەی چالاکانی سیاسی و پێشمەرگەکانی حیزبەکانی کوردستان، پەلاماری بنکە و ئوردوگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی لە باشوور دا و کەوتە ڕێکەوتن لەگەڵ دەوڵەتی عێراق تا پێش بە چالاکیی ئەوان بگرێت و بەم شێوەیە ئامانجی خۆی بپێکێ. لە وەها دۆخێکدا ڕێبوار بوو بە مەشخەڵی ڕێنوێن لە تاریکستانێکدا کە حکوومەتی ئیسلامی هەوڵی زاڵکردنی دەدا و لە دۆخێکی سەرکوتدا کە هەوڵی سڕینەوەی ئاسەوارەکانی شۆڕشی ژینای پێدەدرا، سروودی خۆڕاگری و کۆڵنەدانی خستەوە گەرووی کوردستان. ڕێبوار چیای دەنگدانەوەی دەنگی کزی چەوساوەکانی کوردستان بوو، ڕێبوار کە هەموو تەمەنی گەورەساڵیی خۆی لە ڕێگەی خەبات و تێکۆشان دانابوو، گیانبەختکردنیشی بوو بە سەمبولێک بۆ شکاندنی بێدەنگیی با و هەستانەوەیەک بوو بەرانبەر ملکەچی و خۆبەدەستەوە دان.
ئەمڕۆ دوای تێپەر بوونی سێ ساڵ لە دەستپێکی شۆڕشی ژینا، ناوچەکە ئاڵوگۆڕی زۆری بە خۆوە بینیوە و کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر دەبن و چیتر توانای مانۆڤڕیان نەماوە و بەرەو کۆتایی ئەڕۆن. ئەوەیکە ئێستاکە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوەکەی گرنگە، یەکگرتوویی و یەکدەنگیی هێز و لایەنە سیاسیەکان و هاوکات بە هێز کردنی هێزی پێشمەرگەیە تا بتوانێ لە ڕەوتی ڕووداوەکاندا دەوری کاریگەر بگێڕێ و پاڵپشتی بە هێزی خەباتی مەدەنی و سیاسی بێ و نەهێڵێ چیدیکە داگیرکەران و دیکتاتۆرەکان ڕێبوارەکانی ڕێگەی ڕزگاریی خەڵکی چەوساوەی کوردستانمان لێ بستێنن.
لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان کەم نەبوون ئەو کەسانەی لە دژوارترین ساتەکاندا کە دوژمن ویستوویەتی ورەی خەڵک تێکبشکێنێ، بوونەتە چرای ڕووناکی لە شەوەزەنگی بێهیواییدا. هاوڕێ ڕێبوار، یەکێک لەو تێکۆشەرانەیە کە یاد و ناوی بۆ هەمیشە لە بیر و زەینی ئەوانەی نایانەوێ مل بۆ ژێردەستەیی و مافخوران کەچ بکەن و نایانەوێ دیکتاتۆری کۆن و نوێ بڕیاردەری چارەنووسی وڵاتەکەیان بن و ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی چەوساوەی کورد بەرزترین ئامانج و ئاواتیانە، دەمێنێتەوە. هاوڕێ ڕێبوار هەر دووشانی پڕ لە شانازی شۆڕشی کوردستان جێگایەتی و لەو ئەستێرە گەشانەی ئاسمانی چەوساوەکانی کوردستانە کە ڕووناکی خۆر دەبەخشێ.
بەڕێزە یادی فەرماندە ڕێبوار
بۆ پێشەوە بەرەو یەکگرتوویی و هاوپەیمانی بۆ ڕزگاری لە بندەستی
ژن، ژیان، ئازادی
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی
١٨ی سێپتامبری ٢٠٢٥ی زایینی

