کۆمەڵانی تێکۆشەرو خەباتکارانی کوردستان

لە کاتێکدا کە رژیمی  داگیرکەرو کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیی، لە ئاستی ناوخۆ رەوابوونی خۆی بە تەواوی لەدەستداوە و لە ئاستی ناوچەکەو جیهانیش ریسوا و تەریککەوتوو لە جاران بەرەو هەڵدێر دەڕوات، بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە هەمیشە زیاتر پێویستی بە یەکگرتووییی و یەکڕیزیی هەیە. هەر بۆیە بەڕێزان لە هەردوو لایەنی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان و رێکخراوی یاریی کورد، پاش ماوەیەک دیالۆگ و راگۆڕینەوە بڕیاریاندا بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانی سیاسیی، پەیوەست بن بە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە.

 هەر بۆیە ئێمەش پڕ بە دڵ بەخێرهاتنی ئەو بەڕێزانە دەکەین و رایدەگەیەنین کە ئەم حیزبە بە ماڵی ئاوەدان و مەکۆی خەباتی خۆتان بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە ببینن کە هەر مرۆڤێکی ئازدیخواز و تێکۆشەر بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی، دەتوانێ خۆی تێدا ببینێتەوە.

 ئەمڕۆکە خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسیەکانی، لە قۆناغێکی هەستیاریی مێژووییدان و هەر بۆیە ئەرک و بەرپرسایەتی مێژوویی گەورە دەکەوێتە سەرشانی هەموومان، کە لە پێناو هەرچی زیاتری یەکگرتوویی خەباتی خەڵکی کوردستان هەنگاوی کردەیی هەڵبگرین و وەک نەتەوەیەکی زیندووی خاوەن مێژووی خەبات و خۆڕاگریی، بەرەوڕووی رووداوو ئەگەرەکانی داهاتوو ببینەوە. ئێمە ئەم پرۆسە کە لە ئەنجامی دیالۆگ و لێک تێگەیشتنی نێوامان هاتە ئاراوە، بە سەرەتای پرۆسەیەکی گەورەتر دەزانین کە دەتوانێ وێڕای بە فەرمی ناسینی جیاوازیەکانمان، لە کۆتایی خۆیدا گەورەترین یەکگرتوویی نەتەوەیی لە نێوانماندا پێک بهێنێ و کورد لە ئاستی ناخۆ ببێتە خاوەن گوتارێکی بەهێز و لە ئاستی دەرەوەش خاوەنی نوێنەرایەتیەکی یەکگرتوو.

سەرکەوێ خەباتی شۆڕشگێڕانەی کوردستان

کومیتەی ناوەندی 

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی

١٨ی ئاپریلی ٢٠٢٦ی زایینی

Share.

Comments are closed.