٤٦ ساڵ (٩ی خەرمانانی ١٣٥٨) بە سەر گیانبەختکردنی کاک فواد دا تێپەڕی. ڕابەرێک کە دەوری بەرچاو و یەکلاکەرەوەی لە خەباتی جەماوەریی کوردستان له قۆناخێکی هەستیاردا بینی کە بزووتنەوەکە ئاسۆیەکی نادیاری هەبوو. تێکۆشەرێکی سیاسی کە لە زیندانی حکوومەتی پاشایەتی و لە ڕێبەرایەتیی بەربەرەکانێ لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامیدا دیار و ناودار بوو و وەک ڕێبەرێکی جەماوەریی ژیر، خاکی و وردبین بۆ هەتاهەتایە له دڵی خەڵکی کوردستان ماوەتەوە.
وێرای ئەوە کاک فواد لە پاش ئازادی تا کاتی گیانبەختکردنی تەنها ١١ مانگ ژیا، بەڵام لەو دەرفەتە کورتەدا کاریگەرییەکی وای لە سەر بزووتنەوەی کوردستان و کۆمەڵە بوو کە ئەمڕۆش پڕە لە وانە بۆ فێربوون و ئەزموون، بۆ سەرەنجدان و تاقیکردنەوە، بۆ پەرەپێدان و داڕەشتنی ئەمڕۆ و داهاتووی خەبات بە پێی مێتۆد و ڕێباز و شێوەکاری کاک فواد.
کاک فواد وەکوو ڕێبەرێکی سوننەت شکێن و جیاواز لە ڕێبەرانی پێش سەردەمی خۆی لە بیر و زەیندا ماوەتەوە. ڕێبەرێک کە به باشی ئەو دەرفەتەی که به ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی بۆ گەلی کورد ڕەخسابوو، ناسی، شەپۆلی به هێزی جەماوەری و وەزی بزووتنەوەێکی نوێی له کوردستان به باشی هەست پێکرد و لە ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی به باشی گەیشت و هەر له یەکەمین ڕۆژەکانی، زەرفیەتی سەرکوتگەرانە، کۆنەپەرستانە و دژە ئازادی و دژە دێمۆکراسی ئەو رژیمەی دەزانی و باسی دەکرد و هیچ گومانی نەبوو که ڕژیمی تازە توانا و زەرفییەتی قەبووڵی ئازادیخوازانە و ڕزگاریخۆازنەکەی کوردستانی نییە و بڕوای وابوو ڕژیمی ئیسلامی له هەر دەرفەتێکدا بۆی بگونجێ هێرش دەکاتە سەر کوردستان. هەر بۆیە به وردبینی هەلومەرجەکەی هەڵدەسەنگاند و به هەمو وزە و تۆان و ژیری و تێگەیشتنی خەریکی ڕێکخستنی خۆڕاگریی جەماوەری، پێکهێنانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و خرۆشان و هێنانە مەیدانی جەماوەر بوو. کاک فوئاد بڕوای قوڵی بەوە بوو و به کردەوەش سەلماندی که “شۆڕش کاری جەماوەرە”.
کاک فوئاد پاش زیندان ١١ مانگ ژیا. ئەم ١١ مانگە سەراسەر پڕە له چالاکی و ڕێبەراتیکردنی کۆمەڵە و هاوڕێیان و جەماوەر له جەرگەی قۆناخێکی پڕ هەستان و جۆش و خرۆشی کۆمەڵگای کوردستان که وەک دروشاوترین ئەستێرەی ئەم قۆناخە خۆیی ناساند. بیر و شێوازی ڕێبەرایەتیی کاک فواد و داهێنانی له بۆاری خەباتی مەدەنی و جەماوەری و ڕێکخستنی هەموو زەرفیەت و وەزی کۆمەڵگا له دژی داگیرکاریی کۆماری ئیسلامی لە ڕابردووەوە تا داهاتوو دەتوانێ و دەبێ بنەمای کاری سیاسی و حیزبی بێ.
کاک فواد دەیزانی هێزی جەماوەر ناتۆانی له چۆارچێوەی بەرتەسکی حزبی و ئیدئۆلۆژیکی قەتیس بکرێ و هوشداری دەدا کە رژیمی ئیسلامی هێرشی داگیرکەرانە بۆ سەر کوردستان دەسپێدەکا و کوردستان بۆ بەرپەچدانەوەی داگیرکەر و بۆ سازماندانی خۆڕاگری، وەزەی جەماوەر، هەڵسوورانی حزبەکان و کەسایەتیەکان و بە گشتی یەکگرتوویی نەتەوەی کورد و هەموو بزووتنەوەی کوردستانی پێویستە. هەر ئەو ڕوانینە وایکرد کاک فوئاد دەور و کاریزمای کاک سدیقی کەمانگەری ناسی. وێرای ئەوە پێگە و مەسئولییەتیان جیاۆاز بوو، لە زۆر رووداو پشتی کاک سدیقی گرتووە که وەک هێما و نوێنەری خۆاستەکانی بزووتنەوەی کوردستان و نەتەوەی کورد له بەرامبەر هەیئەتی رژیمی نوێ دەرکەوێ. کاک فوئاد به باشی دەور و ڕۆڵی مامۆستا شێخ عزەدینی ناسی هەر بۆیە له نزیکەوە هاوکاری یەک بوون و به تایبەت مامۆستا دەوری هەبوو که تلوڕانسێکی سەقامگیر له کوردستان هەم خزمەت به یەکڕیزی له بەرامبەر هەڕەشەکانی رژیم بکا و هەم ڕێگا نەدا که له کوردستان ئیرتجاع و کۆنەپەرەستی دەرفەتی پەرەسەندن پەیدا بکا. بۆ ئیدارەی شارەکانی کوردستان کاک فوئاد و کۆمەڵە تێکۆشان کەسایەتیە خۆشناو و جێی متمانەکانی خەڵک ئەگەریش سەر به ڕەوتێکی جیاۆازی فیکری یا ئایینی بووبێتن بەشدار بن و ڕۆڵ بگێڕن. هەر کەمتر له مانگێک پاش ڕووخانی حکوومەتی شا، کۆمەڵە “جەمعیەتەکانی” پێکهێنا که بوو بە زەرفێک بۆ کۆکردنەوەی هەمو ڕەوتە جیاوازەکان و به کردەوەش یەکریزییەکی پێویستی دروست کرد و جەمعیەتەکانی کردە ئۆرگانی دەسەڵاتی شارەکان و به خێرایی جێکەوتن. دامەزرانی یەکیەتیی جوتیاران و دەیان ڕێکخراوەی ژنان، بێکاران و کۆچی مەریوان و ڕێپيۆانە گەورەکانی سنە و سەقز و بانە بۆ مەریوان، هەموو ئەزمون گەلێکن که هەم بوونتە بەشێکی جیانەکراوە لە مێژووی سەرهەڵدانی خەباتی مەدەنی و بەشداریی جەماوەری و هەم بوونەتە چرای ڕێنونی هەزاران لیدر و چالاکی مەدەنی و سیاسی لەم ساڵانە و داهاتووی کوردستاندا. کاتێکیش وێرای هەوڵ و ماندووبونی کاک فوئاد و کۆمەڵە و مامۆستا شێخ عزەدین و هەمو حزبە سیاسی و کەسایەتیەکانی کوردستان، هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ داگیرکردنی کوردستان دەستپێکرد، کاک فوئاد و هاوڕێیانی قۆناخی خۆڕاگری و ڕاوەستان بەرامبەر لەشکەری داگیرکەریان دەسپێکرد.
کاک فوئاد نوسەری ڕاگەیاندنە به ناو بانگەکەی “خلق کرد در بوتە آزمایش” بوو که زۆر به کورتی لێوانلێو له ئیرادە و پتەویی و کۆڵنەدانە. کاک فوئاد خۆی له ڕیزی پێشەوەی ئەو خۆڕاگرییەدا به تایبەت چووەوە بۆ مەریوان بۆ ئەوەی نەهێڵێ ئێعدام کۆمەڵێ له کادرەکانی ئەو ناوچە کاریگەری له سەر دۆخەکە و ورەی خەڵک دانێ، سەفەرێک که بەداخەوە و هەزاران جەخار سەفەرێکی بێ گەڕانەوە بوو.
لە ماوەی ئەو ١١ مانگە وێرای شەونخوونیی کاک فوئاد بۆ هێنانە مەیدانی جەماوەری و ڕێکخستنی هەموو وزەی کۆمەڵگا، له باسی تێوریک و سیاسی بۆ فورموڵەکردنی ڕێبازی چەپی کوردستانی خافڵ نەبوو. کاتی که ١٣ ڕێکخراوی چەپی “ئێرانی” له هاوینی ١٣٥٨ کۆمەڵەیان بۆ “کۆنفرانس وحدت” بانگهێشت کردبوو، کۆمەڵە تەنیا وەک چاودێر ئامادەبوو و به تایبەت کاک فوئاد پێیوابو که “وحدت” نه به قسە و تێوری که له جەرەیانی بەشداری له خەباتی جەماوەری دەتۆانێ دەستەبەر بێت. کاک فوئاد نمونەی خەباتکارێکی ژیر و تێگەیشتووی چەپی کوردستان بوو و ئەمە ئەو ئاڵقەیە که لەو ١١ مانگەدا هەموو چالاکییەکانی کاک فوئاد پێکەوە دەبەستێتەوە. تەنانەت له کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵەش کاک فوئاد پێیوابوو که یەکگرتوویی ڕیزەکانی کۆمەڵە و به تایبەت ڕێبەرییەکەی له بەشداری ڕاستەوخۆ له مەیدانی خەباتی سیاسی مومکینە. هەر بۆیە کۆمەڵە که تازە خەباتی ئاشکرای دەسپێکردبوو بەو تەمەن کورتەوە به خێراییکی بەرچاو نفوزێکی کەموێنە پەیدا کرد، دواتریش تەنانت پاش لەدەسدانی کاک فوئاد نفووزی جەماوەی و خۆشەویستی کۆمەڵە پەرەی سەند.
ئەمانە و زۆر نموونەی دیکە لەو مەودا کورتەی کاک فواد لە پاش ئازادی، وایان کرد کاک فواد ببێتە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی کۆمەڵە و بزووتنەوەی عەداڵەتخوازانە و چەپی کوردستانی و خۆڕاگری له بەرامبەر داگیرکاری کە پاش ٤٦ ساڵ هەروا به گەشی و درەوشاوەیی ماوەتەوە و ڕێنوێنی ڕێگەی بزووتنەوەی کوردستان و کۆمەڵەیە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بەر بڕوای بە پلۆرالیزمی سیاسیی لە کردەوە نەک دروشم، هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ جەماوەر لە ڕێگەی دیمۆکراسیی بەرین و وەرگرتنی ڕەوایی و هێز و پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان، شێوازی کار و ڕێبەرایەتیی کاک فواد بە چرایەکی ڕێنوێنی ڕێگەی خەباتی ئەمڕۆ و ڕۆشتن بەرەو ئاسۆی داهاتوو دەزانێ.
ڕێزگرتن لە کاک فواد، پابەند بوون بەو بایەخ و بنەمایانەیە کە کاک فواد بۆیان تێکۆشا و خەباتی کرد و دایڕەشت و گیانی لە پێناویاندا بەخت کرد.
بەڕێزە یادی کاک فوادی مستەفا سوڵتانی ڕێبەری کەموێنەی کوردستان و کۆمەڵە
دەستەی کارگێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٨ خەرمانانی ١٣٠٤
٣٠ ئاگۆستی ٢٠٢٥

