٣١ی جۆزەردان ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی کاک سەعیدی موعینی ناسراوە بە “خانە”، یەکەمین پێشمەرگەی گیانبەختکردووی کۆمەڵە کە لە باشووری کوردستان و لە تێکۆشان بۆ ڕزگاری و دادپەروەری و یەکسانی لەو بەشەی کوردستان گیانیبەختکرد، وەکوو ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە دیاری کراوە.
مێژووی پێشمەرگایەتیی کۆمەڵە نزیکەی نیو سەدە ئەزموونی جێگەی فێربوون و دەسکەوتی جیگەی شانازی و گەورەیە و ناوی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە گەلێک مانا و چەمکی بەنرخ و هاوچەرخ لێکاڵاوە و پێشمەرگەی کۆمەڵە داهێنان و باس و بابەتی سەردەمییانە و پیشکەوتووی بۆ دەوڵەمەندکردنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی چەوساوەی کورد هەبووە. پێشمەرگەی کۆمەڵە لە خەبات بۆ ڕزگاری شێلگیرو دڵسۆز، لە پشتیوانیی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان ڕاستگۆ و بەدەربەست و لە سەر بوونی ژنان لە ڕیزی پێشەوەی خەباتدا و هەوڵ بۆ یەکسانی پێداگر بووە.
پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە مێژووی چالاکیی خۆیاندا شانازیی ئەوەیان بۆ خۆیان تۆمارکرد کە هاوشان و هاوخەمی خەڵکی هەژار و چەوساوە بوون و جێگەی متمانە و بڕوای خەڵکی کوردستان بوون. سەداقەت و پاکی و خەمخۆریی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بۆ خەڵک کە لە تێگەیشتنی دروست و بڕوایان بە یەکسانی و عەداڵەت و مافی خەڵک بۆ ڕزگاری و ئازادییەوە سەرچاوەی گرتووە، بووەتە هۆی خۆشەویستی و ڕێزیان لە نێو خەڵکدا.
دۆخی ئەمڕۆی چالاکیی پێشمەرگەی کۆمەڵە جیاوازیی زۆری لەگەڵ دۆخی دەورەی ڕابردوو هەیە، بەڵام ئەرکە خەباتکارانەکان سەرەڕای ئاڵوگۆڕی دۆخی چالاکی هەر لەسەر شانی پێشمەرگەی کۆمەڵە ماون.
پێشمەرگەی کۆمەڵە دەبێ بە پابەندبوون بەو بایەخ و ئەرزیشانەی کۆمەڵە و پێشمەرگەی کۆمەڵە پێوەی ناسراون و بە تێگەیشتن لە تایبەتمەندییەکان و دۆخی تایبەتی خەباتی ئەمڕۆ، خۆی بۆ ئەمڕۆ و داهاتووی خەباتی ڕزگاری خوازانە، عەداڵتخوازانە و یەکسانیخوازانە لە کوردستان ئامادە بکا.
ئەمڕۆ کە حکوومەتی ئێران تووشی شەڕە و لە ئاگرێکدا کە خۆیان دایانگیرساندووە دەسووتێ، دەرفەتەکان بۆ پێشمەرگەی کۆمەڵە زیاتر و ئەرکەکان قورسترن. پێشمەرگەی کۆمەڵە تا ئەو کاتەی کوردستان ڕزگار دەبێ و هێزی داگیرکەر رادەماڵرێ و کوردستان دەبێتە خاوەنی هێزی نیزامیی نەتەوەیی خۆی، ئەرکی دەسپێشخەربوون و هاوشان بوون لە خەبات بۆ ڕزگاریی لەسەر شانە و هاوکات دەبێ وەکوو هەمیشە هەوڵ بدات بۆ دانی وشیاری و زانیاری لەسەر ئەوەی چۆن کوردستانی داهاتوو دەتوانێ و دەبێ وڵاتێک پڕ لە دادپەروەری، یەکسانیی ڕەگەزی و ئازادییە تاکەکەسی و گشتییەکان بێ و کۆمەڵە چ پلان و بەرنامەیەکی بۆ کوردستان هەیە و بەختەوەریی خەڵک لە کوردستاندا لە ڕوانگەی کۆمەڵەوە چییە.
پێشمەرگەی کۆمەڵە تەنها هێزێکی چەکدار نییە کە بە بڕیاری فەرماندەیەک ئەرکی نیزامی جێبەجێ دەکا بەڵکوو تێکۆشەرێکی خاوەن هەڵوێست و وشیارە کە پەیڤی ڕزگاری و ژیانی شیاوی مرۆڤی سەردەمی پێیە بۆ کوردستان، لە گەڵ ئازارەکانی خەڵک ئاشنایە و پلان و بەرنامەی هەیە بۆ چارەسەری گرفت و کێشەکانی وڵاتەکەی. پێشمەرگەی کۆمەڵە هەم لە ڕیزی خەباتی چەکدارانە بۆ ڕزگاری و پاراستنی کوردستان بەدەربەست و پیشڕەوە هەم لە بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا خاوەن هەڵوێستە.
بە بەهێزکردنی ئەو خاڵانەی لە مێژووی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا جێگا شانازین و بە دەرس وەرگرتن لە کەموکورتییەکانمان، خۆمان بۆ خەباتێکی پڕدەسکەوتتر تەیار دەکەین.
بەڕێزە ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە
بەرزە یادی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە