سێشەممه ٢٥ی فێڤرییەی ٢٠٢٥زایینی، سێهەمین کۆبوونەوەی کۆڕبەندی چەپی کوردستان لە ژێر ناوی (گۆڕانكارییە نێودەوڵەتی ‌و هەرێمایەتییەكان‌ و كاریگەرییان لەسەر كوردستان)بە بەشداریی سەرجەم حیزبەکانی ئەندامی کۆڕبەند و ژماریەکی بەرچاو لە کەسایەتی سیاسی،ئاکادمی و چەپەکان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

كۆڕبەندی چەپی كوردستان پرۆژەیەکی كاریی تێكۆشەرانەی هاوبەشە کە لەم حزب ‌و لایەنە چەپانەی خوارەوە پێكهاتووە:
لە باكوور: حیزبی كۆمۆنیستی كوردستان، حزبی سۆشیالیستی كوردستان
لە ڕۆژهەڵات: كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
لە ڕۆژئاوا: پارتی كۆمۆنیستی كوردستان ،
لە باشووریش حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان‌ ، حزبی شیوعی كوردستان‌ و بزووتنەوەی دێموكراتی گەلی كوردستان

یەكەمین دیداری كۆڕبەند ساڵی 2019 لە باشووری کوردستان بەسترا‌ و، دووهەمینیش بەهۆی پەتای كڕۆناوە بە ئۆنلاین ساڵی 2020 بەسترا.

ئەمڕۆ لە سێیەمین دیداری كۆڕبەندی چەپی كوردستاندا، كۆمەڵێك كەسایەتی بە ئاراستە ‌و بۆچوون‌ و دیدی جیاواز ‌و هەمەجۆرەوە بۆ ئەم دیدارە بانگهێشت كرابوون کە بە ئامادەبوون و بەشدارییان ، گفتوگۆكانیان دەوڵەمەندتر کرد.

لەم دیدارەدا هاوڕێ نەوید مێهرئاوەر ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەوە لە یەکێک لە پانێلەکان قسەوباسێکی پێشکەش بە ئامادەبووانی کۆڕبەندەکە کرد.

هاوڕێ نەوید لە قسەوباسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە شۆڕشی ژینا ( شۆڕشی ژن، ژیان،ئازادی) بەرهەمی کاریگەریی گوتاری چەپ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو.

هاوڕێ نەوید لە بەشێکی تری قسەکانیدا تیشکی خستە سەر قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەریی لەسەر بزووتنەوی کورد و لەدەست چوونی دەرفەتەکان بە هۆی نایەکگرتوویی کوردەوە.

جێی ئاماژەیە کە هەریەک لە بەڕێزان مەلا بەختیار، کەسایەتی دیاری باشووری کوردستان، دکتور کاوە سکرتێری حیزبی شیووعی کوردستان، کاک بەڵێن عەبدوڵڵا سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، کاک بایرم بۆزیەل سکرتێری حزبی سوسیالیستی کوردستان/باکور و کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی و ئاکادمی تر بەشداری پانێل و کۆڕبەندەکە بوون.

٢ی ڕەشەممەی ١٤٠٣
٢٠ی فێڤرییەی ٢٠٢٥

Share.
Leave A Reply