بەداخەوە کاتژمێر چواری سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانبار دڵی گەورە و پڕ لە ئاواتی ڕەبابە خانمی کەمانگەر پاش نزیک بە سێ ساڵ بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشین لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا لە شاری ساری لە لێدان کەوت.
ڕەبابە خانم دایکی پێشمەرگەی گیانبەختکردووی کۆمەڵە جەواد جەلیلی پێشمەرگەی گوردانی داڵاهۆ و خوشکی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە هاوڕێی ڕابەر کاک سدێق و هاوڕێیان رەئووف و مەعەعرووفی کەمانگەر و میمکی گیانبەختکردووی کۆمەڵە داریووش ڕەزایی کوڕی کافیە خانم بوو و هاوکات خۆشی لەبەر کۆڵنەدەربوونی بەرانبەر بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری حکوومەتی ئێران و چالاکیی سیاسیی خانەوادەکەی، دوو جار لە لایەن ناوەندەکانی سەرکووتی حکوومەتەوە دەسگیر کرا. جاری یەکەم ساڵی ١٣٥٩ لەگەڵ هەر دوو خوشکەکەی حەبابە و کافیە و وێڕای منداڵە دوو ساڵانەکەی سەعید لە شاری سنە دەسگیرکران و ماوەیەک لە زیندان بوون و جاری دووهەم لە شاری تاران و وێڕای هاوسەرەکەی و منداڵە چکۆلەکەیان و حەبابەی خوشکی و برازایەکی سێ ساڵانی دەسگیر و ڕەوانەی گرتووخانەی کومیتەی تاران کرا.
ڕەبابە خانم لە ئاوایی ئافڕیانی سەروو لە ناوچەی ژاوەرۆی کامیاران لە پارێزگای سنە لەدایک بوو و بنەماڵەکەی دەیان تێکۆشەر و خەباتکاری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانی تێدا هەڵکەوت کە ١٦ کەسیان لە ڕیزی گیانبەختکردووانی سەربەرزی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستاندان و پێشتر و ئێستاش ژمارەیەکیان لە ڕێزەکانی خەباتی پێشمەرگانە و سیاسیدا دژی حکوومەتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و دژی چەوسانەوە و بێمافیی ئینسان بەشدارن.
ڕەبابە خانم بە بە هەموو ئەو ئازارانەی گیانبەختکردنی ئازیزان و گیران و گوشارەکانی سەر خۆی و کەس و کاری تووشی کردبوو بە دڵێکی گەورە و ورەیەکی بەرزەوە پشتیوانی خانەوادەکەی و کەس و کاری بوو و ئاواتی ڕزگاری و ئازادی لە دڵیدا بوو. گیانلەدەستدانی ئەم دایکە شۆڕشگێڕە هەم لەبەر خۆڕاگری و قارەمانیەتیی خۆی و هەم لەبەر ئازیزانی گیانبەختکردووی و هەروەها بە هۆی تێکۆشەر بوون و خۆشناوبوونی بنەماڵەی کەمانگەر لە ناوچەکە و لە کوردستان شەپۆلێکی بەرینی هاوخەمی لەگەڵ خۆی هێنا و دڵی هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستانی هەژاند.
بە بۆنەی گیانلەدەستدانی ڕەبابە خانم سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی کەس و کار و ئازیزانی و بنەماڵەی کەمانگەر و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین و خۆمان بە بەشداری ئەم خەمە دەزانین.
یاد و ناوی دایکانی خۆڕاگری کوردستان و لەوانەی ڕەبابە خانمی کەمانگەر بەڕێزە و لە بیر و زەینی خەباتکاران و خەڵکی کوردستاندا دەمێنێتەوە و فیداکاریەکانیان و ئەو ئازارانەی لە ڕێگەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا تووشی بوون لەبیر ناکرێن.
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٣ ڕێکەوتی ١٢ی ژانڤیەی ٢٠٢٥