خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
چالاکانی سیاسی و مەدەنی!


٢٥ی خەرمانان دووهەمین ساڵڕۆژی قەتڵی ژینا ئەمینی و ئاخێزی جەماوەری دژ بەم جینایەتەیە کە بە دروشمی ژن ژیان ئازادی لە کوردستانەوە سەریهەڵدا و سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە و له جیهانیش لەگەڵ پشتیوانی و هاوسۆزیی کەم وێنە ڕووبەڕوو بووە و بوو به دروشمی هەر ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینێک لە وڵاتانیتر.


شۆڕشی ژینا بەهێزترین و بەرفراوانترین ناڕەزایەتی دژی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەم ڕژیمەیە کە توانی چەن هەنگاو بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران بەرەو پێش ببات و لە دیسکۆرسی ئایینی، ئیسلاحخوازی و پیاوسالاری ڕزگاری بکات. شۆڕشی ژینا هەر له دەسپێک ناوەڕۆکێکی جیاواز و ئاسۆێکی روونی بەخشی به خەباتی ڕزگاریخوازی که هۆکاری سەرەکی بوو لە بڵاوبوونەوەی شۆڕش و پشتیوانی و لایەنگری جیهانیی لەم شۆڕشە.


کۆماری داگیرکەری ئیسلامی بە سەرکوتی خوێناویی و بێبەزەییانەی خەڵکی تێکۆشەر و هەروەها هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و ئوردووگای حیزبەکان جارێکیتر ویستی ئیرادەی پۆڵایینی بزاڤی خەڵکی کوردستان تێک بشکێنێ و پەلامار و هێرشی ڕژیم بەوە نەوەستایەوە و بە واژۆ کردنی ڕێکەوتننامەی ئەمنییەتی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق گوشاریان خستە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی ئوردووگا و بارەگاکانی کۆمەڵە. بەڵام ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی قەت ناتوانێ بە چۆکیدا بێنێ ئیرادە و ویستی خەڵکی شۆڕشگێری کوردستان و بزاڤە بەرحەقەکەیانە.


درێژەی شۆڕشی ژینا لە کارناڤاڵی نەورۆزی ڕابردوو و لە بایکوتی بەربڵاوی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری رژیم زیاتر بینرا و سەلماندی کە خەبات و خۆڕاگری تا سەرکەوتن بەردەوامە.


لە دووهەم ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا دەنگمان ئەخەینە پاڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکان و داوا ئەکەین بۆ بەرز راگرتنی بزووتنەوەی سیاسی و خۆڕاگرانەی خەڵکی کوردستان، بۆ بەرگری لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان، بۆ ڕێز گرتن لە هەموو گیانبەختکردووان و خۆڕاگری زیندانیانی سیاسی، جارێکیتر خەڵکی کوردستان بە هاوپشتی و یەکگرتوی ئیرادەی بەهێزی خۆی وەک هەمیشە بە مانگرتنی گشتیی نیشان بدات.


کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣
١١ی سێپتامبێر ٢٠٢٤

Share.
Leave A Reply

Exit mobile version