ئەزموونی مێژووی کۆماری کوردستان لە مهاباد پاش ١١ مانگ کە بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا، ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ بە لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد، ئەبولقاسمی سەدری قازی و محەممەدحوسێن خانی سەیفی قازی بە ڕواڵەت کۆتایی پێهات بەڵام لە کردەوەدا یاد و خۆڕاگیریان و ئەزموونی کۆماری کوردستان هەوێنی خەبات و هەڵسووڕانی گەلێک چالاک و حیزبی سیاسی و جەماوەری خەڵکی کوردستان بووە و ناویان وەکوو یەکێک لە هێما گرینگەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لە سەر زار و لە زەینی خەڵکی کوردستاندا ماوەتەوە.

کۆمەڵە وەکوو حیزبێکی جەماوەری لە مەیدانی سیاسیی کوردستاندا و وەکوو حیزبێک کە یەکەمجار ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندانی پاش ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی بەڕێوەبردووە، خاوەنداریەتی لە هەموو ئەزموونەکانی نەتەوەی کورد لە خەبات بۆ ڕزگاری دەکا و بە لێکدانەوەی هەرکام لەو ئەزموونانە هەوڵدەدا ڕێگەیەک بۆ هەنگاوەکانی دواتر و سەرکەوتنی زیاتر بدۆزێتەوە.

کۆماری کوردستان بە هەموو ئەزموون و دەسکەوت و ڕەخنەکانی سامانێکی نەتەوەیی هەموو کوردستان و نەتەوەی کوردە.

یادی هەموو گیانبەختکردووانی تێکۆشەری کۆماری کوردستان له پێشیانەوە پێشەوا قازی محەممەد، ئەبولقاسمی سەدری قازی و محەممەدحوسێن خانی سەیفی قازی بەرز و بەڕێزە.

Share.
Leave A Reply